۱۳۹۲/۰۴/۲۰

چەمکی پێگەی کۆمەڵایەتی : پێناسە و چەند تێڕوانینی جیاواز لە لایەن زانایانەوە .


چەمکی پێگەی کۆمەڵایەتی : پێناسە و چەند تێڕوانینی جیاواز لە لایەن زانایانەوە .
نووسین : فاتمە ئەمین پور 
وەرگێڕان لە فارسی بۆ کوردی : نیشتمان روحانی 
پێگەی کۆمەڵایەتی : وشەی " position " لە ریشەی  " posit " بە واتای دانان ، جێگرکردن و فەرزکردن دیت و هەروەها  " social "لە بنچینەدا لە وشەی  " socialize"   بەواتای بەکۆمەڵایەتی کردن دێت . پێگەی کۆمەلایەتی پێگەیەکە کە تاکەکان لە کۆمەلگایەک و لە ماوەیەکی زەمەنی دیاریکراو داگیری دەکەن ، یا بەدەستی دێنن کە یەکێک لە بابەتە بەرچاوەکانە بەبەراورد کردنی لە گەڵ پلە وپایەی کۆمەلایەتی . پێگەی کۆمەڵایەتی بریتیە لە بەخشینی پێگەیەک لە زنجیرە پلە وپایە چەندایەتیەکانی گشت کۆمەڵگا بە هەر تاکێک بە پشت بەستن بە سەرجەم بەرواردکردنەکان لە هەر یەک لە پێگەکان و ئەو پاداشتانەی کە لە هەر یەک لە پێگەکان بەدەستی هێناوە .


چەمکی پێگەی کۆمەڵایەتی لە روکاردا هاوواتایە لە گەڵ شوێنی کۆمەڵایەتی ، بەڵام قوڵتر و نارونترە لە شوێنی کۆمەڵایەتی و پێویست بە هەڵوەستەکردنی زیاترە ،چە لەوەی کە لەم چەمکە بارودۆخی کاتی و شوێن و بونی هاوکاتی سیستمە جۆراوجۆرە رێکخراوەکان لە یەک کۆمەلگا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هەر کەس بتوانێ لە یەک کات چەند پلە و شوێنی هەبێ بە شێوەیەکی ئاشکرا پێداگری لە سەر ناکات . لە دۆخی کۆمەڵایەتی زیاتر بارودۆخە بینراوەکان مەبەستە کە تاک لەو روانگەوە سەیر دەکرێ ، بەڵام شوێنی کۆمەڵایەتی زیاتر ئەو واتایە دەدات کە تاک لەو بارودۆخەدا بۆ خۆی دروستی دەکات . بەواتایەکی دیکە چەمکی پێگەی کۆمەڵایەتی بە بەراورد لە گەڵ شوێن و پلەی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزتر بەدیار دەکەوێ .
گرینگی و رۆڵی پێگەی کۆمەڵایەتی 
بایەخپێدان لە سەر بنەمای پێگەکان، یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی  دابەشکردنی تاکەکانی کۆمەڵگا بە پێی پێگە کۆمەڵایەتییەکانیانە، واتە پێگەکان بەپێ گرینگیان پلەبەندی دەکرێن . وەرگرتنی پێگە یان پلەیەکی تایبەتی کۆمەڵایەتی ، دەبێتەهۆی وەرگرتنی پاداشت یان رێزی تایبەتی لە لایەن وەرگرەوە . کەوایە جیاکردنەوەی کۆمەڵایەتی کە بێگومان یەکێک لە پێویستیەکانی سیستمی کۆمەڵایەتیە ، زەرورەتی بەهاداربونی پێگەکان لە گەڵ خۆی دێنێ . بۆ جێبەجێکردنی کارەکان و بەرزکردنەوەی چۆنایەتی پێویست بەئەم جیاکاریەدەبێت . لە زۆربەی کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکان دا پێگەی کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکان بە شێوەی نزمترین و بەرزترین پلەبەندی دەکرێ  ورەوتی ئەم پۆلین کردنە بە شێوەیەکی ورد و جیاوازە بە پێ سیستەمی کۆمەلگاکان. کۆمەڵگایەک  کە تێیدا پێگەکان پۆلین بەندی کراوە بە کۆمەڵگای بن توێژبەندی یان توێژبەندی کراو ناسراوە، کەوابوو توێژبەندی کۆمەڵایەتی جۆرێکی تایبەت لە " بن توێژبەندی " یە کە تێیدا بەشێوەی ریزبەند و رێک و پێک  پێگە کۆمەڵایەتیەکان جێگای گرینگی پێدانن و وەرگرانی ئەو پێگانە لە هەڵسەنگاندنیان دا بەرەورووی یەکتر دەبنەوە ، توێژی کۆمەڵایەتی بە کۆی ئەو تاکانە دەورترێ کە پێگەی یەکسان و وەک یەکیان داگیردەکەن ، هەمو پێگە کۆمەڵایەتیەکان بەزەرورەت ناچێتە کۆی ریزبەندی کۆمەڵایەتی ، بەڵکو دەبێ خاوەنی هەندێ تایبەتمەندی بن تا جێگای خۆیان لەو ریزبەندیە بکەنەوە .
جیاکاری پلە کۆمەلایەتیەکان پرۆسەیەکە کە بەهۆیەوە پێگە کۆمەڵایەتیەکان وەکو باوک ،دایک ، مامۆستا و فەرمانبەر بە بەجێگەیاندنی رۆڵی تایبەت واتە کۆمەڵێک لە ماف و بەرپرسایەتیەکان کە بۆ هەر یەک لەو رۆڵانە پێناسە کراوە لە یەکتریان جیادەکاتەوە . بە بێ بونی ئەم پرۆسەیە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێ زیاتر لە یەک نەوە زیاتر بەردەوام بێت ، لەراستدا بەردەوامیی کۆمەڵگا بە رازی بونی تاکەکان لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیان مسۆگەر دەبێ . کۆمەلگا بەمەبەستی جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکانە بۆ هەریەکیان کۆمەڵێک بەرپرسیاریەتی دیارە کردوە .
پێوەرەکانی دیاری کردنی پێگەی کۆمەڵایەتی 
دەبێ ئەوەمان لە بەرچاو بێت کە پێوەرەکان و نیشانەکانی دیاریکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی لە هەر کۆمەلگایەک وبە پێ بیروڕای کۆمەڵناسان جیاوازیان هەیە ، بەڵام بەسرنجدان بە بیرو ڕا جیاوازەکان سەبارەت بەم پرسە ، دەکرێ کۆبەندێک بکەین لە کۆی پێناسەکان . لە پێوانی جووڵەی کۆمەڵایەتی کە بەواتای هەڵسوڕان وچالاکی یەکێک لە پێگە کۆمەلایەتیەکان بۆ پێگەیەکی دیکەی کۆمەلگایە کە فاکتەر زۆر هەیە وەک پیشە ، پەروەردە وفێرکردن ، هاوسەرگیری و باری ئابووری و... کە کاریگەرییان هەیە و لە راستیدا بە هۆی ئەم پێوەرانەوە ئاستی پێگەی کۆمەڵایەتی تاکەکان لە کۆمەڵگا دا دیاری دەکرێت. لە پێناسەی توێژبەندی کۆمەلایەتی و هەروەها نابەرابەریی کۆمەلایەتی ، بە دابەشبونی تاکەکانی هەر گروپێکی کۆمەڵایەتی یا کۆمەڵگا لە سەر یەک پێوەری پێگە پێناسە دەکرێ .
بەگرینگیدان بەم پێوەرانە ریزبەندی پێگە کۆمەڵایەتییەکان لە هەر کۆمەڵگایەک لە سەر چوار پێوەربنیات دەنرێ : هێز ، خاوەندارێتی ، پاداشتە مەعنەوەیەکان و جۆری هەڵسەنگاندی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا و تێڕوانینی بۆ شوێن و پڵەی تاک .
لەهەلسەنگاندی پێگەی کۆمەڵایەتی  لەم بابەتە هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر و لێک جیانەکراوە و تێکەڵێکە لە پێوەرەکانی ، پیشە ، داهات ،ئاستی خوێندەواری و هەروەها رەچەڵەک ، تەمەن، رەگەز،نژاد،ئایین،نەتەوە و ....  .
لە هەڵسەنگاندی پێگەی کۆمەڵایەتی دا، هێشتا لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسیەکان لەو ئاستەدا نیە کە بتوانێ پشکی هۆکارە جۆراوجۆرەکان لەم هەڵسەنگاندنە بەئاشکرا دەربخات .پێوانی پێگەی کۆمەڵایەتی کارێکی ئاڵۆز و زەحمەتە . ئەم ئاڵۆزییە دەگەرێتەوە بۆ سێ سەرچاوەی سەرەکی : جۆراوجۆری پێوەرەکان بۆ هەلسەنگاندن ، جیاوازی بایەخ و بەهای هەریەک لە پێوەرەکان و جیاوازی بیروبۆچونی ئەو کەسانەی کە هەڵدەستن بە پێوان وهەڵسەنگاندن .
بە کورتی هۆکارەکانی دیاریکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی دەکرێ لە چەند خاڵ دا بخرێتە روو:
١_ رەچەڵەک : ئەم هۆکارە پێگەیەکی تایبەتی یا ئاسایی بە تاک دەبەخشێ و تاک  لە ژێرکاریگەری پێگەی باب و باپیران و رەچەڵەکی بنەماڵەیی دەبێتە خاوەن پێگەی تایبەتی.
٢_  توانای ماڵێ و دارایی : کە سەرمایە و دارایی مادی تاک وخێزانەکەی لە خۆ دەگری
٣_ بەسود بون یا لێهاتویی تاک : تاکەکان بە گوێرەی توانا و لێهاتویی لەو کارەی کە جیبەجێ دەکەن رێز و بەهای کارەکەیان پۆلین دەکرێ .
٤_ ئاست و جۆری خوێندەواری :چۆنێیتی و ئاستی خوێندەواری لە دیاریکردنی پێگەی تاک بەتایبەتی لە سەردەمی ئەمرۆدا وەکو هۆکارێکی گرینگ رۆڵ دەبینێ .
٥_ تایبەتمەندیە بایۆلۆژییەکان : لە هەندێ لە کۆمەڵگاکان پیاوان پێگەیەکی بەرزتریان هەیە بەبەراورد لە گەڵ ژنان .
٦_ تەمەن : لە هەر کۆمەلگایەکدا گروپە تەمەنیە تایبەتەکان بایەخی زیاتریان پێ دەدرێ . لە هەندێ کۆمەلگا گەنجەکان و لە هەندێکی دیکە بەساڵاچووان ئەو گرینگییەیان پێ دەردێت.
گرینگی ئەم بابەتە لە بیردۆزە کۆمەڵناسییەکان دا
زانایانی کۆمەڵناسی هەر لە سەرەتای سەربەخۆ بونی ئەم زانستەوە هەتا ئێستا گرینگیان بە بابەتی چەمکی پێگەی کۆمەڵایەتی لە پێوەندی لە گەل چەمکی چینی کۆمەڵایەتی داوە و جیاوازی راوبۆچونیان هەبوە . چەمکی چین لە سەدەی نۆزدەیەم و بۆ یەکەم جار لە لایەن " ئادام سمیت " بە کارهێنرا.سێن سیمۆن لە بەرهەمەکانی بەشێوەیەکی فراوان چەمکی چینی بەکار هێناوە ، بەڵام لوتکەی بەکارهێنان و گرینگیدان بەم چەمکە دەگەریتەوە بۆ سەردەمی مارکسیسم و بڵاوبونەوەی قوتابخانەی سوسیالیزم لە ئەوروپا .

کارل مارکس : مارکس لە یەکەمین وبەناوبانگترین بیریارانی کۆمەڵناسییە کە لە لێکۆڵینەوە ۆ بابەتەکانی چینی کۆمەلایەتی خۆی دا  گرینگی داوە بە پێگەی کۆمەڵایەتی  ، لە راستیدا لە لای مارکس چینی کۆمەڵایەتی بابەتی سەرەکی و بنەڕەتییە.
پێناسەی چینی کۆمەڵایەتی لە لای مارکس بریتیە لە گروپێکی گەورە لە خەڵک کە پێگەیەکی وەک یەک و یەکسانیان لە بونیادی ئابووری داگیر کردوە . بەبڕوای مارکس لە سەر بنەمای پێگەکان و ئەرکە جۆراوجۆرەکان کە تاکەکان لە بونیادی بەرهەمهێنانی کۆمەلگا هەیانە چینی کۆمەلایەتی دروست دەبێت ، دوو هۆکاری گرینگ لە دروست بونی چینی کۆمەڵایەتی کاریگەریان هەیە : " شێوازی بەرهەمهێنان لە بواری کشت وکال "     " پێوەندیەکانی بەرهەمهێنان ، لایەنە گرینگەکانی پیشەکان لە بونیادی ئابووری کۆمەلگا پێک دێنێ. ئەوەی کە تاکێکی خاوەن دەسەڵات و ژێردەستە ، کرێکارو خاوەن کار ، سەرمایەدار و هەژار لە ژێر کاریگەری پێوەندیەکانی بەرهەمهێنان دیاری دەکرێ . لە تێڕوانینی مارکس هەبونی پێگەی کۆمەڵایەتی جیاواز لە پێوەندی لە گەڵ ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە نێوان تاکەکانی کۆمەلگا بەرژەوەندی جیاواز دروست دەکات،  بەڵام ئەو پێگەی کۆمەڵایەتی وەکو شتێکی بەردەوام و هەمیشەیی نازانێ ، بەڵکو شارەزایی وزانین بە مەرجی سەرەکی بۆ بەرەوپیش بردنی و بەرزکردنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی دەزانێ ، تاک بە تێپەڕبونی کات شارەزای پێگەی کۆمەلایەتی خۆی دەبیت  وبۆ گۆڕان و پەرەسەندنی تێدەکۆشێ ، گەیشتن بە شارەزایی چینایەتی مەرجی پەرەسەندن و گۆڕانی پێگەی تاکەکانە لە بونیادی بەرهەمهێنان . کەوایە مەبەستی مارکس لە چینی کۆمەڵایەتی گروپێکە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان شوێن و پلەی تایبەتی خۆیان هەیە و مەبەست لە شوێن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان پرۆسەی تەکنیکی وپراکتیکی  وحقوقی ئەوانە .
 قوتابخانەی ئەرکگەرایی : ئەم قوتابخانەیە لە پێناسەی خۆی بۆ چینی کۆمەڵایەتی بنەمای پۆلین کردن لە کۆمەڵگاکان بۆ چینەکان دەگەرێنێتەوە بۆ رێژەی گرینگی ئەرکەکانی هەر یەک لەو چینانە . بەدەستهێنانی پێگە گرینگەکان لە لایەن کەسانی باش و لێهاتو لە ریگای جۆری دابەش کردنی پاداشەکان دەکرێ . بە بڕوای شوێنکەوتوانی ئەم قوتابخانە پاداشتەکانی وەک : داهات ، هێز، پلەی کۆمەڵایەتی دەبێ بەشێوەی نایەکسان لە نێوان تاکەکانی کۆمەلگا دا  دابەش بێت تا گرینگترین پێگەکان بەر کەسە شیاو و لێهاتوەکان بکەوێ، ئەم قوتابخانەیە رۆڵی هێز و سەرمایە لە پۆلین کردنی کۆمەڵگا لە بەرچاو ناگرێ و بەگرینگی نازانێ . هەروەها پێیان وایە بەشێکی گرینگ لە هۆکارەکانی دیاریکردنی پێگەی کۆمەلایەتی لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە و دەستکەوتی خودی تاک نیە.
ماکس ڤێبر : ڤێبر لە کاردانەوەی بۆ بیروڕاکانی کارل مارکس ،پێگە و چینی کۆمەڵایەتی بە بابەتی سەرەکی نووسین و لێکۆڵینەکانی خۆی داناوە . بە بڕوای ڤێبر چین کۆمەڵیک لە تاکەکان لە خۆ دەگرێ کە تێکەڵاوی چارەنووسیان لە ژیان لانیکەم فاکتەرێکی هاوبەش پێکەوەیان گرێ بدات . فاکتەرێک کە زیاتر خۆی دەبینێتەوە  لە گەڵ بەرژەوەندەیە ئابووریەکان لە بەدەستهێنانی کاڵا و هەلی کار و بەدەستهێانی سەرمایە و هەروەها لە ژێرکاریگەری بارودۆخی بەرهەمهێنانی کاڵا یا بازاری کار بەدیار دەکەوی .
بەڵام ڤێبر چین و پێگە ئابووریەکان بە شتێکی گشتی نازانێ  ولە نێوان چین و کۆمەلگا جیاوازی دادەنێ . ڤێبر سێ لایەنی گرینگ لە توێژبەندی دیاری دەکات : پێگەی ئابووری ، پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و هێز .هەروەها کەسانێک کە پێگەی یەکسانیان هەیە دەرفەتی یەکسانیان هەیە .
جیاوازی بیروبۆچونی مارکس و ڤێبر لە چەمکی چین ، لە گرینگیدانی ڤێبر بە پلە وپایە بەدیار دەکەوێ ، کە ئەو گروپانەی کە ڤێبر جەختیان لەسەر دەکات زیاتر کۆمەلایەتین کە شێوازە شیاوەکانی ژیان و ئەو رێز و گرینگدانە کۆمەلایەتیانەی کە کەسانی دیکە دەینوێنن بەرامبەریان پێکەوە پەیوەستیان دەکات . ئەو جۆرە گروپانە تەنها کاتێک دەتوانن بونیان هەبێ کە کەسانی دیکە بۆ تاکەکانی ئەو گروپانە رێز  دابنێن و بەم شێوەیە ئەوانە لە گروپە کاریگەر وکارتێکەرە کۆمەلایەتیەکان جیا دەکاتەوە . ڤێبر بەشێوەیەکی زەینی -نەک بابەتیانە-دەپڕژێتە سەر شرۆڤەکردنی چینی کۆمەلایەتی . بیربۆچونی ماکس ڤێبرئەو بەربەرستانەی تێدا نابینری کە لە بیروبۆچونی کارل مارکس دا هەیە .لەبەر ئەوەی کە ئەو چین بە سەر سێ فاکتەر و توخمی جیاواز بەڵام پەیوەست بەیەکتری دابەش دەکات ولەو سێ فاکتەرەوە شرۆڤەی دەکات کە ئەو فاکتەرانەش لە سێ بواری ئابووری ، سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان دەبیننەوە.
ڤێبر لە بابەتی توێژبەندی کۆمەڵایەتی جگە لە چین ، دوو لایەنی سەرەکی تر لەبەرچاودەگرێ " پێگە " و " حیزب " . چین بەشێوەیەکی ئاشکرا و رون بەدی دێ و دیار دەکەوێ ، بەڵام پلەو پایە گرێدراوە بە هەڵسەنگاندنی زەینی تاکەکان لەو جیاوازیە کۆمەلایەتیەی کە هەیانە . چینەکان لە هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان سەرچاوە دەگرن بەڵام پێگە لە ریگای شێوازە جۆراوجۆرەکانی ژیان کە گروپەکان رەچاوی دەکەن دیاری دەکرێ .
لوید وارنێر : وارنێر بە تێڕوانینێکی جیاوازتر گرینگی بە چین و پێگەی کۆمەڵایەتی داوە . ئەم بیرمەندە کۆمەلناسە  بۆ یەکەمین جار لە تیۆرییەکانی توێژبەندی گرینگی تایبەتی بە " ناوبانگ " و "رێز " داوە ، جیاوازی بیروبۆچونی وارنێر لە گەڵ مارکس لەوەدایە کە وارنێر پێوەری توێژبەندی بەشتێکی زەینی دادەنێ ،واتە ئەو وێناکردنە کە تاکەکان کۆمەڵگا لە بارودۆخیان هەیانە ، بنەمای توێژبەندی دادەنێ .
تاڵکۆت پارسۆنز : پارسۆنز لە لێکدانەوەی بۆ پێوەرەکانی دیاری کردنی پێگەی کۆمەڵایەتی تاڕادەیەک لە گەڵ وارنێر هاوڕایە . بە بڕوای پارسۆنز بنەمای سەرەکی توێژبەندی کۆمەڵایەتی لە هەر کۆمەڵگایەک ، بەستراوەتەوە بە هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی رێژەیی کە بەرامبەر گروپە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان هەیە . پارسۆنز باوەڕی وایە کە هەڵسەنگاندنی زەینی کەسانیتر لە لایەن توێژە کۆمەلایەتیەکان دیاری دەکرێ، کەوایە کەسانی خاوەن پلەی بەرزتر ، لێهاتوویی ، تایبەتمەندی و پیشە شایانی وەرگرتنی پێگە و بایەخی زیاترن لە بەرانبەر پیشە و تایبەتمەندی کەسانی دیکە . پارسۆنز بەشێوەی رون و ئاشکرا ئەو پێناسەی کە بۆ چین هەیە لە چوارچێوەیەکی پێوەندی موڵکداری وەلا دەنێ ، هەرچەندە لایەنەکانی دابەش کردنی پلەو پایە لە بوارەکانی موڵکداری ، سەرمایە و دارایی بەتەواوی پشتگوێ ناخات . ئەو دەیەوێت توێژبەندی کۆمەلایەتی وەکو میکانیزمێک بۆ ئاراستەکردنی کارلێکی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی نیزامی کۆمەڵایەتی تێبگات .
توێژبەندی سیستمێکی بەهرەمەند لە رێکوپێکی بەهاکان پێکدێنێ کە تاکەکان وەکو ئەکتەرێک لەو چوارچێوەیەدا لە پێگەی کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆیان بەهرەمەند دەبن .
لەسەر بنەمای ئەوەی کە لەم وتارەدا سەبارەت بە پێگەی کۆمەلایەتی باسکرا ، دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە پێگەی کۆمەڵایەتی وەکوو هەندێ لە بۆچونەکان سەپێنراو نەگۆر نیە ، بەلکو پێگەی مرۆڤ و چارەنوسەکەی لە ژێر کاریگەری هۆکاری جۆراوجۆر دەگۆڕێ ،و دەکەوێتە ژێر کاریگەری هۆکاری جۆراوجۆر کە ئەم هۆکارانە لە هۆکاری مادی ،مەعنەوی ،زەینی یا بابەتیانە پێکدێت . ناتوانین پێداگرانە ئیدعای ئەوە بکەین کە تەنها لە هۆکاری مادیەوە دیت یا هۆکاری زەینی وبابەتیانە ، لە ژێر کاریگەری بارودۆخ  وقۆناغە تایبەتیەکان لە کۆمەڵگاکان دەکرێ هۆکاری جۆراوجۆر لە دیاری کردنی پێگەی کۆمەڵایەتی بەشدار بن ، پێداگری کردن لە سەر یەک هۆکارو سەپاندنی کارێکی دروست و بە جێ نییە .

سەرچاوەکان :
١) ئاریان پور،عەباس و مەنوچهر ئاریان پور، ئینگلیزی بە فارسی،تاران،ئەمیر کەبیر،١٣٨٥ .
٢) بیرۆ،ئالێن،فەرهەنگی زانستە کۆمەڵایەتیەکان،باقرسارۆخانی،تاران،کەیهان،١٣٦٦.
٣)کوزو،لوئیس،ژیان وهزری گەورە کۆمەلناسان،موحسن پلاپی،تاران،علمی،١٣٧٣.
٤)ئەدیبی،حسێن،کۆمەڵناسی چینە کۆمەلایەتیەکان،تاران.زانستگەی زانستەکۆمەڵایەتیەکان وهاوکاری،١٣٥٤.
٥)تامین،ملوین،کۆمەڵناسی توێژبەندی و نابەرابەری کۆمەڵایەتی،عەبدول حسێن نیک گهر،تاران،توتیا،١٣٧٣.
٦) نیک گهر،عەبدول حسێن، بنەماکانی کۆمەڵناسی،تاران،رایزن،١٣٦٩.
٧) ئارۆن،ریمۆن،قۆناغە گرینگەکانی هزر لە کۆمەڵناسی،باقرپەرهام،تاران،زانستی و فەرهەنگی،١٣٧٧ .
٨) شرمن،هوارد و وود،جیمز،روانگە نوێیەکانی کۆمەڵناسی،مستەفا ئەزکیا،تاران،کەیهان،١٣٦٩ .
٩) رابرتسون،یان،سەرەتایەک بۆکۆمەلناسی،حسێن بهروان،مەشهەد،ئاستان قودس رەزەوی ،١٣٧٤ .
١٠) همیلتۆن،پیتر،تالکۆت پارسۆنز،تاران،هرمس،١٣٧٩ .



نووسین : فاتمە ئەمین پور 
وەرگێڕان لە فارسی بۆ کوردی : نیشتمان روحانی 
" ناوەندی رۆژهەڵات بۆ توێژینەوەی کۆمەلایەتی "